ک.چ.کۆرپەیەکی دایکی خۆ کوشتوو
ک.چ.کۆرپەیەکی دایکی خۆ کوشتوو

ک.چ.کۆرپەیەکی دایکی خۆ کوشتوو

ک.چ.کۆرپەیەکی دایکی خۆ کوشتوو

✍️فەردین ڕەشیدی
«ف.ڕ.ئومێد»

ک.چ.کۆرپەیەکی دایکی خۆ کوشتوو
 

▪️دابوویان لە قاو کە گەورە ژنی شار زۆری نەماوە کە بزێ. پیاو و ژن و منداڵ هەموو هەڵەوداوان بەرەو گەورە گۆڕەپانی شارەکان هەڵدەهاتن. ڕۆژی پەسڵانە و حەشیمەتەکە هێند زۆر و سەر لێشێواون کە کەس کەس ناناسێتەوە. لە ناکاو ژنێ دە زریکێنێ. چەندین پیاو کاسەی سەریان هەڵدەتەکێ . کچانی شار زۆریان پەردەی کچێنیان دەدڕێ . خەڵکانێکی زۆر دڵیان لە لێدان دەکەوێ.
دەنگی زریکەی ژنەکە چرکە لە گەڵ چرکە بڵیند و بڵیندتر دەبووەوە
ک.چ.کۆرپەیەکی دایکی خۆ کوشتوو
▪️بە فەرمانی حاکمی شار دەوراندەوری گۆڕەپانی گەورەی شاریان پەردەکێشابوو. گەورەترین تەختێ کە دارتاش و ئاسنگەری شار دوای پتر لە پازدە ساڵ ئەرک و ماندوو بوون سازیان کردبوو لە نێوەڕاستی گۆڕەپانەکەدا داندرابوو.
گەورە ژنی شار لە سەر تەختێ ڕاکێشرابوو. هەر دوو لاق و سەری ژنەکە لە پەردەی دەور گۆڕەپانەکەوە هاتبوونەدەرێ.
ژنانی چارشێو لە سەر لە ژێر دوو لاقی ژنەکە ماق و چاوەڕوان نینۆکی ئەنگووستی خۆیان دەکروژت و پیاوانی ڕیش لێهاتوو لە پاشە سەری ژنەکە تەسبێح بە دەست چاویان لە نێو چاوی ژنەکە بڕیبوو و چاوەڕوانی بیستنی واقەی دەنگێکی نێر بوون.

▪️منداڵان کە نەیاندەزانی چ باسە و چ قەوماوە بە دەور گۆڕەپانی شارەکەدا پەنجە لە نێو پەنجەی یەکدی هەڵدەسووڕان و سروودیان دەخوێند. ژنێ دەیزریکاند و هاوارێ دەگەییە ئاسمانی. ژنێ چنگی لە خۆڵ و خاکی گۆڕەپانەکە گیر دەکرد و هێزی دەدا لەخۆی بۆ ڕزگاری.
پتر لە یەک ساڵ دەوراندەوری گۆڕەپانی شاریان پەردە گێڕا. پتر لە یەک ساڵ لە بەربەیانەوە هەتا نیوەشەوان پیاوان و ژنان، منداڵان و پیران هەڵەوداوان بە زریکەیەکی ژنانە بەرەو گۆڕەپانەکان هەڵاتن و ماق و وڕ لە پاش سەر و پێش لاقی ژنەکە ڕاوێستان و تەسبێحیان هەڵسووڕان و ورتکە بەردیان بە سەنگی گۆڕی ئەسحابەکەوە نابوو . ژنێ پتر لە ساڵێ لە بەربەیانەوە هەتا نیوەی شەوان زریکاندی و ژان گرتی.
چرکە لە گەڵ چرکە، خولەک لە گەڵ خولەک، سەعات لە گەڵ سەعات سکی ژنەکە گەورە و گەورەتر دەبوو .سکی ژنەکە هێند ماسی بوو کە وێدەچوو گەورە گومبەزەی پیرۆزە و لەوێ ڕواوە. سەر و لاقی ژنە دووگیانەکە لەم سەر و سەری شارەکەوە چبووە دەرێ. مزگەوتە گەورەی شار ببووە جێگای مقۆ مقۆی خەڵکانێ کە پتر لە هەمیشە دڵ ماندوو بوون.

▪️مانگی ڕێبەندانە و دەنگۆیەکی سەیر لە نێو شار بڵاوە ببوو. کێ ئەم ژنەی دووگیان کردووە و باوکی ئەو منداڵەی نێو سکی ژنەکە کێیە ؟ ناکا ئەم ژنە مەریەمەی ـ ثانی ـ بێ ؟!
ژمارەی پیاوانی پاش سەری ژنە دووگیانەکان ئێجگار کەم بووەتەوە وبێجگە لە چەند پیرە پیاوی کەڕ و کوێر و قۆڕ هیچ پیاوێ لە پاش سەری ژنەکە نابیندرێ.
ژنێ لە سەر تەختی شارێ ڕاکشاوە و هێز دەدا لەخۆی و چنگ لە خاک و خۆڵی شارەکە گیردەکات و بۆ ڕزگاری دەزریکێنێ.
ئەوە دیسانەوە  ڕێبەندانە و کەش و هەوایەکی سارد و ژاراوی خۆی کێشاوە بە سەر شاردا. پیاوان پاڵتاویان پۆشاوە و کڵاویان لەسەر کردووە. گیرفانە قووڵەکان قەپیان کردووە بە دوو دەستدا و هەتا ئەنیشک قووتیان داوە. کڵاوەکان هەتا ژێر گوێی پیاوەکان خۆیان داکێشاوە و گوێی ڕاستی هەموو پیاوانیان جوی بوو.

▪️شار پڕ بووە لە دەنگ و هۆڕەی قاڵاوە ڕەش و سپیە غەوارەکان. خەڵکی سەرسام و ماق ماون کە ئەمە چ باسە و چ قەوماوە ؟!
ژنێ کە چنگی لە خاک و خۆڵی شار گیرکردووە بۆ دواین جار دەزریکێنێ و واقەی منداڵێ خەڵکانی نووستوی بێدار ڕادەچڵەکێنێ. زریانە و هەر پەرچەم و بەیداخە کە ڕادەشەکێ. کۆنە پیاوێکی سێ سەری شەش چاو سێ زار کۆرپەیەکی توند لە باوەش گرتووە و دەیگوشێ بە باوەشیەوە. ژنێ دەزریکێنێ . کۆرپەیێ دەگری .  منداڵی شار پەنجە تەزیو و بە چاوی سوورەوە بە خوڕ دەگرین . کۆرپەی شارێ دەگری.
خەڵکی شار خەواڵوون و هێشتا کەسێ خوری خەونێکی کۆنیان بۆ دەڕێسێ . ژنێ لە گۆڕەپانی گەورەی شار چنگ لە خاک و خۆڵی شار گیردەکات و ناوە ناوە دەزریکێنێ. ک.چ.کۆرپەیەکی دایکی خۆ کوشتوو

همچنین ببینید

نتیجه‌ی تقابل، تعامل و رقابت؛ در ارتباط با اهداف مدیریت شهری سقز

نتیجه‌ی تقابل، تعامل و رقابت؛ در ارتباط با اهداف مدیریت شهری سقز

نتیجه‌ی تقابل، تعامل و رقابت؛ در ارتباط با اهداف مدیریت شهری سقز بهنام نیک سرشت …

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *