ک-چ-کۆچنامەیەکی-لماوی

ک.چ. کۆچنامەیەکی لماوی

ک.چ. کۆچنامەیەکی لماوی

نووسەر؛ فەردین ڕەشیدی
«ف.ڕ.ئومید»
ک-چ-کۆچنامەیەکی-لماوی

ئەوەتەی کۆچ هەیە، کۆچ ئەکەم
ئەوەتەی گڕ هەیە، ئەسوتێم
ئەوەتەی ئاو هەیە، ئەخنکێم
و …
«شێرکۆ بێکەس»

کۆترەکە کراس و شەڕواڵە سپیەکەی هەڵدەواسێ بە لقی دارەکەدا و لە تاریکی شەودا خۆی لە هێلانەی قەلە ڕەش و سپیەکە نزیک دەکاتەوە.
مرخە و پرخەی قاڵاوە پیرەکەی دراوسێی قشقەرەکە کۆڵانەکەی هەڵگرتبوو. تۆ بە هێوری هەنگاو هەنگاو لە کراسە ڕەشە قەترانیەکە خۆت نزیکەوە کردبوو. کراسەکەت لە لقەکە کەندەوە و بێ دەنگ و بێ ئەوەی کەسێ تۆی دیتبێ لە هێلانەکە دوورەوە کەوتبووی . مرخە و پرخەی خێڵی قاڵاو گەڕەکەکەی هەڵگرتبوو .
ئەوە پایزە و قشقەڕەیێ کە هەر دوو لاقی سوورە و لە یادی چووە قۆپکەی ئاخری کراسەڕەشەکەی دابخات، چاوەڕوانی ئەوەیە کە خێڵی قاڵاو و قشقەرە خۆیان بۆ کۆچی هاوینەهەوار ئامادە بکەن.
قاڵاوە پیرەکە دەچێتە سەر منارەی دارە بەرزەکە و بە چەن قیڕە، خێڵی قاڵاو بانگهێشتی کۆبوونەوەی لەناکاو دەکات.
بە نێوی خوداوەندی مەزن. ئەو خودایەی کە قاڵاوی وەک دەسکردی تایبەتی خۆی بە سرووشت و جیهانی هەستی بەخشی. ئێمەی خێڵی قاڵاو هەتا هەتایە و هەناسەمان دێ شوکرانەبژێری چاکەی خوداوەندین و گوێ بەفەرمانی فەرمانی ئەوین.
خێڵی قاڵاو! لەوەتەی خودا خودایە و ئێمەش قاڵاوین هەرگیز کۆچمان نەکردووە و نیشتمان و زێدی خۆمان جێ نەهێشتووە . لە نێعمەت و خوانی بێ منەتی پەروەردیگار لەسەر ئەم گۆی زەویە بەهرەمان وەرگرتووە و هەرگیز لەبەردەم دژواری و سەختی ژیان هەڵنەهاتووین. چارەنووسی وڵات و نیشتمانمان بە ڕا و ئەندێشە مسۆگەر کردووە . هەتا ئێستە کەس نەیبیستووە بێچووە قاڵاوێ لە ئاسمان یا نیشتمانێکی بیانیدا و لە غوربەتدا گیانی دابێ .
ژنەکە دەنگی ڕادوێکەی زۆر کرد. دیسان دەنگی پیاوەکە بوو کە هەتا نێو ناخم هاتبوو. ئاخ لەم پیاوە شاعیرە کە چەند جادووگەرە ! شێعرەکەی ڕۆح و دڵی ئینسان دەسووتێنێ و ئاگر لە ناخی مرۆ بەردەدا.
کۆچ
کاتێ ڕوانـــیم… لەبەردەممــا
ئەستێــــرەی ناو خەونەکانم
پەلکە گیـــای سەر پەنجەکانم
بەدوای یەکدا…
وا: هە…ڵ…وە…رین…

کاتێ زانیم… ملم لەژێـــر هەرەسی لەشمــایە
لاشەم لەژێـــر دنیــادایە
داو… داو… داو..!

کاتێ زانیم.. هەر دوو دەستم
جێم ئەهێڵن…
هەر دوو قاچم… جوێ ئەبنەوە…
دانەکانم… بوونە مشار
نێرگەی پشــتم ئەبــــڕنەوە.

لەولامەوە… پێچکەی سەرم نەڕواو ئەڕواو…
بەسکما خل ئەبێتەوە…
لەم لاوە…. زمانی خۆم ئەمنووسێت‌و
لەم لاوە… ئەمسڕێتەوە

هەرەس… هەرەس… هەرەس
هەرەسێکە هەرەس ئەکــا بەژێــــرەوە
هەرەسێکە هەر دێت‌و دێت‌و دێت
نابڕێتەوە… نابڕێتەوە

٭ڕاکە… ڕاکە.. ڕاکە
سێبەری خۆت بگــــرەرەوە!
٭چــــاوی خۆتەو ئەب بڵێی چـــاوم نییە….
“شێرکۆ بێکەس ”
کوڕەکە جانتا ڕەشەکەی لەشان کرد . ناسنامە و پەساپۆرتەکەی لە گیرفانی لای چەپی پاڵتاوەکەی خست.
ژنەکە دەنگی ڕادوێکەی خەفە کرد . دەنگێکی زبری گڕ خەریک بوو بە کوردی دەقی کتێبێکی پیرۆزی دەخوێندەوە.
کوڕەکە ژنەکە لەباوەش دەگرێ و نێو چاوانی ژنەکە ماچ دەکات .هەر فرمێسکە کە لە چاوانی ژنان دەتکێتە سەرگۆنا . هەر خێڵی جانتای ڕەش لەشانە کە بەرەو جادە نادیارەکان دەیانبا ڕێگا.

قاڵاوەکە درێژە بە مۆعیزەکەی دەدا و دەڵێ، ئەوە دیسان وەرزی پایزە و ساردی و سەرما ڕوو دەکاتەوە دارستان. ئەوە دیسان سەختی و چەڵەمەی ژیان دەست پێدەکاتەوە و ئێمەی قاڵاو لە ژێر سێبەری خوداوەندی گەورە وەکوو باوک و باپیرانمان خۆڕاگر دەبین و ئەم پایز و زستانەش  بە سڵامەتی تێدەپەڕێنین. خوداوەندی مەزن هەمیشە و لە هەموو بارودۆخێ سفرە و خوانی نێعمەتی بۆ ئێمەی خێڵی قاڵاو ڕاخستووە.
قەلێ کە گوێی بیستی قسەکانی لالۆ قاڵاو بوو خۆی باریکەوەدەکات و کۆڵانەکان بەرەو هێلانەی قشقەرەکە دەگرێتەبەر.
شەو بوو دیسان تاریکی هەموو دونیای داگرتبوو . قشقەرەیەکی ڕووت و قووت باوەشی کردبوو بەخۆیدا و ددانەکیڕێی قەلە ڕووتەڵەکان هەموو هێلانەکانی داگرتبوو .
کۆترێ کراس و شەڵوارە سپیەکەی لە لقەکە دادەگرێ و دەیتەکێنێ.
ژنەکە دەنگی تی ویەکە زۆر دەکات . شەپۆلێ قورس چەن هەزار جانتای ڕەشی لە کەنار دەریاکە هێڵنج دابوو . دەنگ و هاواری پیاوە شاعیرەکەبوو.
کە لە نێو دەریای لم و بوغزی ژناندا دیسان خنکان دەیبا.
من چیم ئەویست لە نیشتمان
جگە لەوەی کە نانێک و
کە کونجێکی دڵنیایی و
گیرفانێکی بە حورمەت و
مشتێ هەتاوی ئارام و
بارانێکی خۆشەویستی و
پەنجەرەیەکی کراوەی
سەر ئازادی و عیشقم باتێ…
” بێکەس “

همچنین ببینید

خطاب به ریاست محترم ورزش و جوانان سقز

خطاب به ریاست محترم ورزش و جوانان سقز

خطاب به ریاست محترم ورزش و جوانان سقز گلایه چندباره ورزشکاران و ورزش دوستان مدت‌هاست …

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *