آخرین خبرها
." ک.چ.ســــێ دڵۆپ خـــوێــــن "
" ک.چ.ســــێ دڵۆپ خـــوێــــن " ✍ نووسەر؛ فەردین ڕەشیدی «ف.ڕ.ئومێـــــــــــــــــــــــــــد»

.” ک.چ.ســــێ دڵۆپ خـــوێــــن “

” ک.چ.ســــێ دڵۆپ خـــوێــــن “

✍ نووسەر؛
فەردین ڕەشیدی
«ف.ڕ.ئومێـــــــــــــــــــــــــــد»

 

▪️حەشیمەتێکی ئێجگار زۆر لە ژن و پیاو ، منداڵ و پیر لە دووی کەوتبوون و کۆڵان بە کۆڵان و شەقام بە شەقام  هەڵیاندەبڕی و بە بەرد و خشت و دار و ئاسن لێیان دەدا . دەکەوتە سەر عەرد و بە دەم و چاوی خوێناویەوە پەلاماری دەرکەکانی دەدا و داوای یارمەتی دەکرد کە چی هیچ دەرکەیەکی لێ نەکراوە کەچی هیچ دەستێ داڵدەی نەدا . پیرژنان پێیان گوتبوو تۆ قاحبەی قاحبە ئابڕووی هەرچی ژن و کچە بردووتە ڕووت ڕەش بێ چۆن ڕەش بووە . کچان دەیانەڕاند دێڵەبەبای جندە بۆ پووڵ خۆت و کچێنی ئێمەشت فرۆشت . چەن کچی قەیرە گوتبوویان سەرت بە ئێمەش شۆڕ کرد هەزار جار لەمە خراپترت بە سەربێ . پیاوان پەلاماریان دەدا و لە گەڵ هەر لێدانێ دەستیان بۆ نێو گەڵی دەبرد و خۆیان پێوە دەنا . ئاخ ئەمە چە دۆزەخێکە کە تێی کەوتووم . ژنێ هاواری لە دایکی دەکرد و دەگریا و دەیزیقان . ژنێ پەلاماری دەرکەی مزگەوتەکەی دابوو . ژنێ پەنای بۆ ماڵی خوا بردبوو . چەن مەلا و چەن سوفی بە نووکە شەق لە نێو گەڵیان دابوو و لە مزگەوتەکە دووریان کردبۆەوە . بۆنی خوێن کەپۆی کۆڵانەکەی ئاخنی بوو . ژنێ دەگریا. ژنێ هاواری دەکرد بە پاڕانەوە داوای یارمەتی لە خوا دەکرد . ژنێ لە نێوەڕاستی کۆڵانەکەدا کەوتبوو و چنگی لە خاک و خۆڵی کۆڵانەکە گیردەکرد . ژنێ دەگریا هەزار ژن تف و نەحلەتیان لێ دەکرد . مقۆ مقۆیەک داکەوت و لە ناکاو خەڵکەکە بێدەنگ بوون . کەسێ دەنگێ هەڵبڕیبوو و مۆعیزەی دەکرد و تەسبێحی هەڵدەسووڕاند و لە کتێبە پیرۆزەکە چەند ئایەتێکی تیلاوەت کردبوو کە بۆنی خوێنیان لێدەهات بەڵام خوێنێکی پیرۆز نەک وەکوو خوێنی نێو گەڵی ژنەکە بۆگەن و چەپەڵ. ” ک.چ.ســــێ دڵۆپ خـــوێــــن “

▪️ژنێکی نیوەڕووت لە نێوەڕاستی کۆڵانەکەدا لە سەرخۆ چبوو . دەنگێکی ژنانە نەڕاندی بوونی ئەم فاحیشە هەوای شارەکەی بۆگەن کردووە دەبێ هەلاهەلا بکرێ . ژنێ بەردێکی لە ژنە نیوەڕووتە گرت . خوێن لە نێوە ڕاستی کۆڵانەکاندا تێکەڵاوی قوڕاو ببوو .خەڵکی شارێ بە ژن و پیاوەوە بە پیر و منداڵەوە لە دەور ژنە نیوەڕووتەکە ئاڵقەیان کردبوو .کوڕە مێڕمنداڵەکان کراسە دڕاوەکەی ژنەکەیان هەڵدەدایەوە و لە نێو گەڵی بریندار و خۆێنی ژنەکەیان دەڕوانی .
ژنێ زریکەی پێ نەمابوو هەتا بیکێش . ژنێ دۆعا و پاڕانەوەی پێ نەمابوو هەتا لە خوا داوای بکات . ” ک.چ.ســــێ دڵۆپ خـــوێــــن “
کچەکەیان لە خەو هەستانووە و بە تووڕەییەوە پێی دەڵێن نەچیتە دەسشۆرەکە و میز نەکەی . دەنگی پیرێژنێک دەگاتە گوێ کە بە دایکم دەڵێ زووبن کچەکە بێنن دەبێ بچمە چەند شوێنی دیکەش . دایکم و خۆشکە گەورەکەم دەمبەنە هۆدە چکۆلەکە و دەرپێکەم پێ دادەکێشن . سەرم ماسیوە و نازانم چ خەبەرە . ڕامدەکشێنن و هەر دوو لاقم پێ دەکەنەوە . ژنە پیرەکە بە وتنەوەی ناوی خوا و پێغەمبەر و سەلام و سڵاوات قەڵەمبڕە ژەنگرتووەکەی دەردێنێ و لە نێو گەڵمی دەنێ . کچێ دەزریکێنێ و لە سەر خۆ دەچێ . پیرێژنەکە لەتەگۆشتێکی لە نێو گەڵی کچەکە بڕیوە و خوێن فیچقە کردووە . دایکم تۆپەڵێ خۆڵەمێش و پەڕۆی لە نێو گەڵم خنیووە.” ک.چ.ســــێ دڵۆپ خـــوێــــن “
لە هۆڵەکە دەنگی دەف و سڵاوات دەگەیێە گوێ . کە هاتمەوە سەرخۆ نێو گەڵم ژانی دەکرد. خۆشکم دەستی گرتمو بەرەو دەسشۆرخانەکە بردمی و پێی گوتم بڕۆ میز بکە. هەتا دەتوانی میزبکە  ،میز بکە…
بۆ دووهەم جار لە سەرخۆم چووم . ماویەک دایکم برینی نێو گەڵمی بە خۆڵەمێش و پۆماد تیمار دەکرد . ماوەیەک خۆشکم دەستی دەگرتم و هەتا دەسشۆرخانەکە دەیبردم و دەیگوت میزبکە میز . . .” ک.چ.ســــێ دڵۆپ خـــوێــــن “

▪️هەستم بە گۆڕانێکی سەیر لە لەشمدا دەکرد . هەستم دەکرد زگم دێشێ و لە وانەیە ئێشی زگم لە سەر خۆم ببات و و هەتا دەسشۆرخانەکەمی دەبرد . هەستم بە گەرمایەکی سەیر دەکرد کە لە زگمەوە بەرەو ناوگەڵم بەڕێ کەوتووە .هەستم بە بۆگەنێ ەکرد کە هەتا ئێستە نەمبیستوو . دەستی خۆشکمم گرت و بەرەو دەسشۆرخانەکە بردم . خۆشکم زانیبووی کە چ باسە و پێی گوتم ئەو خوێنە نیشانەی گەورەبوونی تۆیە و پێی دەڵێن عادەتی مانگانەی ژنانە . من چەن جاران بە خۆشکمم گوتبوو خۆ من ژن نیم من کچم ژن نیم …” ک.چ.ســــێ دڵۆپ خـــوێــــن ”
پێمگوتبووحەتمەن دەبێ بۆ ئەوەی ببم بە ژن  ئەم خوێنە بۆگەنە لە نێو گەڵمەوە بێ ؟ لە بیرمە خۆشکم بە دەنگی بڵیند قاقای کێشابوو . خۆشکم فێری کردبووم کە هەموو مانگێ ئەو حاڵەتە ڕووم تێدەکات . دەبێ ئەو نەوارە سپیە لە نێۆ گەڵم بخەم و خۆم پاک و خاوێن ڕابگرم .
دایکم هەمیشە پێی دەگوتم ئیدی تۆ گەورە بوویت و دەبێ خۆت جوان و خانمانە بپێچیەوە و یاری کۆڵان و لە گەڵ کوڕان کایەکردن بخەیتە ئەولاوە. ڕۆڵە تۆ گەورە بوویت و دەبێ وەکوو خۆشکەکەت سەری باوک و برات بەرز ڕابگری . ڕۆڵە ئێمەی ژن کراسەکەی خۆمان دوژمنمانە .هەموو ڕۆژێ دایکم بە تووڕەیەوە بیری دەخستمەوە کە من  و خۆشکم نامووسی باوکم و براکانمین و دەبێ وەک ئاو خۆمان بپارێزین .” ک.چ.ســــێ دڵۆپ خـــوێــــن “

ڕۆژ بە ڕۆژ هەستم دەکرد کە چەند گۆڕانێک لە نێو لەش و ڕۆحمدا ڕوو دەدا .ئیدی بە چاوێکی دی سەیری کوڕانی کۆڵان و قەوم و فامیلم دەکرد . ڕۆژان بە دەیان دێقە دەنگی تیوی و ماهوارەکەم بڵیند دەکرد و گوێم لە گۆرانی ڕادەگرت . دەچوومە پێش ئاوێنەکە و لە لەش و لاری خۆم دەڕوانی.
لە خوێدنگاکە لە گەڵ هاوپۆلیەکانم شۆخیمان دەکرد و دەستمان بۆ یەک دەبرد و جارجار شڵپەی ماچ بوو کە دەگەییە گوێ .
ئێوارەیەک کە لە خوێندنگا گەڕابوومەوە دەنگی قرمەوقاڵێکی بەرز دەگەیە گوێ .کە چوومە نێو هۆڵەکە ماڵ مامی گەورەم لەوێ بوون . دوای چاکی وچۆنی چوومە ژوورەکەم هەتا جلەکانم بگۆڕم . دوای چەند دێقە کەسێ تەقل و بابی لێدا و بێ ئەوەی ئیزنم دابێ هاتە ژوورێ . فوادی ئامۆزام بوو . خوایە کەنگێ ئەوندە گەورە بووە ؟ لەرزێ بە لەشمدا هات و چاوم بۆ چەند چرکە ڕەش بۆوەوە . بە دەنگی فواد هاتمەوە سەرخۆ . داوای ژمارە موبایلەکەی لێکردم هەتا چەند فایلم بۆ بنێرێ . فواد بە بزەوە لە ژوورەکە چووە دەرەو بەڵام من ماق و وڕ مابووم و لە دیوارەکەم دەڕوانی .” ک.چ.ســــێ دڵۆپ خـــوێــــن ”
مامی گەورەم بازرگان بوو و وەزعی ماڵیان ئێجگار چاک بوو . لە نێو هەموو خزم و کەسدا بارودۆخی ماڵیان لە هەموان باشتر بوو . منداڵەکانیشی لە هەموو بارێکەوە لە خۆشی و بێ خەمیدا بوون و قەوم و خزم ئێرەیان پێ دەبردن بێجگە لە مامە چکۆلەکەم کە هەمیشە دەیگوت خۆزگە خوا بە ئەنازەی عیلم و مەعریفەت سامانی بە خەڵکی دەدا !” ک.چ.ســــێ دڵۆپ خـــوێــــن “
من و فواد چەندین ساڵ بوو کە یەکدیمان خۆش دەویست و من بێ ئەو نەمدەتوانی کە چاویش بەیەکدا بنێم خەو خۆراکم لێ حەرامببوو . هەمیشە بیر و هۆشم لای فواد بوو هەر چەندە کت دەمزانی فواد وا نییە بۆ من . چەندین جار هاوڕێکانم دیبوویان کە کچان و ژنانی سوار ماشینەکەی کردووە و قاقایان لێداوە بەستەنی و شەربەتیان بە دەم یەکدیەوە کردووە . شەوێک هەموو ماڵە پوور و ماڵە مامەکانم داوەتی ماڵی مامە گەورەم بووین . هێند شلووق بوو کە سەگ ساحێبی خۆی نەدانسیەوە . فواد چاوی لێ هەڵتەکانم و بە ئیشارە کێشامی بۆ ژوورێک کە لە گۆشەی حەوشەگەورەکەیاندا سازیان کردبوو . فواد ئەو ژوورەی وەکوو ژووری خوێندنەوە و وانەکانی بە دایک و بابی ناساندبوو کەچی ئەوەی تێیدا نەبوو کتێب و دەفتەر و شتی وابوو . هەتا گەیشتینە نێو ژوورەکە دەستمی کێشا و باوەشی پێدا کردم و لێوی مژیم و پەیتا پەیتا ڕایدەمووسیم. دەستی لە مەمک و لێوم دەسووی و منیش لە ئاسمانەدا هەڵدەفڕیم . لە ناکاو هەستم بە ئێشێکی کوشندە لە نێو گەڵمدا کرد. چەند دڵۆپ خوێن لیباسی ژێرەوەمی سوور کردبوو . زریکاندم و بە مست و لەقە لە سەر و چاوی فواد بەربووم و دەستم کرد بە گریان .” ک.چ.ســــێ دڵۆپ خـــوێــــن “
من مفت و خۆڕایی نامووسی خۆم لکەدار کردبوو . شەرەف و نامووسی باوکمو برام لە ژێر پێ نابوو .
ژنە دووگیانەکە لە نێوە ڕاست کۆڵانەکەدا لە سەر خۆ چۆوە . خەڵکی شارێ بە ورد و منداڵەوە بەردبارانیان دەکرد جنێویان پێ دەدا  و نفرینیان دەکرد . ژنەکە هیچ دەنگ و هاوارێکی نەبوو . بێ دەنگی بێ دەنگ. وەکوو ئەوەی ئەو موجازات و ئەشکەنجەیەی شایانی خۆی دەزانی . لە ناکاو کەسێک کڵۆیەکی تێگرت ژنەکە زریکاندی .  هاوار و ناڵەی ژنێ گەیشتە ئاسمان . پیاوێکی سمێڵ قەیتانی ڕانکەوچۆخە سوور لە ماشینەکەی دابەزیبوو . خۆی لە نێو حەشیمەتەکە خستبوو و ئەوەیش وەکوو هەموو پیاوانی شارەکە بۆ ئەوەی ئەو لکە ناحەزە لە داوێنی خۆی بسڕێتەوە بە گوتنی قاحبەی داوێن پیس بمرە کڵۆیەکی لە سەری ژنەکە گرتبوو …

 

همچنین ببینید

از هراس گرانی تا تشدید تورم؛ چرا باید فرهنگ "نخریدن" را تقویت کنیم؟

از هراس گرانی تا تشدید تورم؛ چرا باید فرهنگ “نخریدن” را تقویت کنیم؟

بهنام نیک‌ سرشت 🔹امروز شاهد صحنه‌ای قابل تأمل در سطح شهر بودم؛ تعدادی از شهروندان …

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *