‎سێ لاپەڕەی پەپوولەیی
‎سێ لاپەڕەی پەپوولەیی

‎سێ لاپەڕەی پەپوولەیی

سێ لاپەڕەی پەپوولەیی

✍️ یەحیا ئەمانۆڵاهی

یەحیا ئەمانۆڵاهی

بە وێنەی چرای مامۆستا
لە ناو شەوگاری تاریکا

بێ گومان هەوڵ و تێکۆشانی بێ وچانی ئێوەیە، ڕەنگی گەشە و تین و بڵێسەی پێشکەوتن بە کۆمەڵگا ئەبەخشێ و داهاتووێکی ڕوون و پڕ ئامانج دەخاتە پێش چاوی منداڵە دڵ پاکەکان.
منیش ئەمەم بە دەرفەت زانی تا چەپکە گۆڵی ڕێز و پێزانین و خۆشەویستیم بە نووسینی، کورتە نووسراوەیەک پێشکەش بە ئێوەی ئازیز کەم و لە ناخی دڵەوە، دەستی ماندوو نەناستان ماچ کەم.

لە ناو ڕەهەندەکانی مێشکم دا بە دوای ئەو دەفتەرە زۆر بەرگیەی بیرەوەریەکانی کاتی منداڵی و قوتابخانەدا ئەگەڕام، دەفتەرێک کە بناخەی ژیانی چەن ساڵەی داڕژتبووم، بسکی خیاڵم نارد وەریگرێت، لەناکاو گەردەلوولی لە بیرەوەچوون پڕی پیاکرد و جگە لە دوو سێ لاپەڕە هەمووی هەڵڵووشی و منیش ئەو لاپەڕانەم کردە هەوێنی دێڕەکانی خانووی ئەم نووسراوەیەم و دامە دەست قەڵەمی هەست و بیرم.
بەڵام قەڵەم ئاخێکی هەڵکێشا و وتی: پێت وایە من چیم، قەڵەمێکی لەڕوو و لاواز، من کەی دەگەمە ئەو سەرە، ئەو مامۆستایانە زۆر شکۆدار و پایەبەرزن، ئەم ئیشە بە من ناکرێ! ‎سێ لاپەڕەی پەپوولەیی
وتم باشە تۆ بنووسە، بڵێن ئەدەم زەینیشم ئەکەم بە هاوڕێت، تا هەر شوێنێ ڕێتای بڕی و پاتان ڕۆیشت.
دەستم کردە مل قەڵەم و ئەمەی نووسی:
لەسەرە تای شەستەکانا لە قوتابخانەیەکی قەراخی شار، قوتابی هەوەڵی سەرەتایی بووم.ڕۆژیک لە وانەی علووم باسی ئاو میوە جوراوجۆرەکان بوو، وێنەیەکی نەققاشی کراوی خاتوونێک بوو کە بۆ کچەکەی ئاوی پرتەقاڵی ئەگرت. ئێمەش بە تاسەوە سەیری وێنەکەمان ئەکرد و بۆنمان پێوە ئەکرد و ئەمان لستەوە. مامۆستای ئەوە کاتەمان کوبرا خانم یارئەحمەدی، کە ئەم کردەوەی ئێمەی بینی ناردی چەن کیلۆ پرتەقاڵ و ئامێرێکی ئاو میوە گیریان هێنا و بەو دەستانەی کە بۆنی کرێمی ئارەزوو لێ ئەهات، ئاوی پرتەقاڵی گۆشایە نێو دەروونمانەوە و مەڵاژگی حەز و تاسەمانی هەڵدایەوە.
ئاخ کە چنێک دڵمان خۆش بوو، چەنێک بە تام و بە لەزەت، تا ئەم دەمە هیچ پرتەقاڵێک لە ناو زارمدا ئەو تامەی ندا و منیش هەر بە تەمای ئەو تامەم.
قەڵەم مەست بوو، بە دەور لاپەڕەی کاغەزا سەمای ئەکرد، پێ ئەکەنی و قاقای ئەکێشا
وتی: یەکێکی تر….

مامۆستایەکمان بوو خۆش قەڵافەت و ڕێک و پێک، هەڵسوکەوتی پیاوانە و مرۆڤ دۆستیشی تا ئەو پەڕی ئاسۆ.
کاک کەماڵی قودسی، مامۆستای پۆلەکانی سێ و چواری سەرەتاییم بوو.
ڕۆژێک لە کتێبی فارسی(کوچ پرستوها) مان ئەخوێند. ‎سێ لاپەڕەی پەپوولەیی
مامۆستا باسی ئەکرد: پەڕەسێلکە کۆچەرەکان لە کوێوە دێن، بۆ کوێ دەچن، ئێمەش لە بیرۆکەی منداڵیمانا لە گەڵیانا باڵمان ئەگرت و هەندێک وردە پرسیار ئەهاتە نێو مێشکمانەوە.
مامۆستا؛ بۆ کۆچ ئەکەن؟ ئەی چۆلەکە بۆ کۆچ ناکا؟
مامۆستا بە بزەوە ئەیوت: پەڕەسێلکە، کاتی وەرزە ساردەکان، چی دی ناتوانێ زۆڵم و زۆری سەرما و نەبوونی دانەوێڵە قەبووڵ بکات هەر بم هۆیەوە سەری خۆی هەڵئەگرێ و ئەڕوات، ئەڕوات تا گەرمەسێر و جێگای خۆش و دیمەنێکی سەوز و کەش و هەوایەکی دڵڕفێنتر، بەڵام چۆلەکە باڵی ناڕوات ئەم خاکە بەجێ بێڵێت. دڵی هەر لایەتی و لای ماڵەکەیان بۆ ئەگرێت نەکا قەل و قاڵاو پووش و پەڵاشی ماڵیان ببا بە تاڵان.
لەو ساتەوە چۆلەکەکان لای من زۆر بەڕێزتر و دڵیان زۆر گەورەتر بوو. تێگەیشتم چۆلەکە و خاک لە یەک دەچن، هیچیان توانای کۆچیان نیە و دڵیان نایەت، ئەمەی ڕەمزی مانەوەیان لەم وڵاتەدا!
بەم وتە جوانانە، خاک خۆشەویستی و نیشتمان پارێزیمانی بە ساناترین شێواز فێر کرد و بەم بیرۆکە بە نرخانە زەین و هەزری نەتەوایەتیمانی گۆچ کرد کە وەک نووسراوەیەکی هەرمان لە سەر تەختەبەندی مێشکمان هەرمایەوە.

بسکی خەیاڵ بە هەناسە سواری شڵەژاویەوە، هاتە لام و دوای چەن قۆخەیەکی قووڵ وتی: ها بیگرە، ئەمەیش لاپەڕەیەکی تر!
ئەمەم بە زۆر لە قورگی مێژوو دەرکێشا، بیە دەستی با بینووسێ.

لە سەرما و سۆڵەکەی زستانی شەست و حەوت، کە بەفر وەک کفنێکی سپی دەر و دەشت و شاری داپۆشی بوو و تەم و زوقم و کڕێوە ئاسۆی دائەشارد و سەرما تا سەر ئێسقان کاری ئەکرد و بەردی ئەتەقان، مامۆستایەکمان بوو کاک فازڵ ناو کە بە هاتنی کلاسی وەک دەمی مردوو ساردتری لێمان ئەکرد بە بەهار و بە وتە جوانەکانی تێشکی هەتاوی بەدیاری ئەهێنا و ڕووناکی زانیاری ئەخستە تارمایی دەروونمانەوە.
کاک فازڵ سەعیدی، مامۆستای پۆلی پێنجمی سەرەتاییمان بوو، پیاوێک کە مرۆڤایەتی و منداڵ خۆشەویستی کەی لە نێو دەمارەکانی لەشیدا شەپۆلی ئەدا و تا سەر ئێسقان قوتابی پەروەر بوو.  ‎سێ لاپەڕەی پەپوولەیی
ڕۆژێکیان مامۆستا فازڵ لێمانی پرسی، منداڵەکان لەم دونیایە جگە لە خوا، چی لە هەموو شتێک بەهێزترە؟
ئێمەیش دوای ڕامانێکی کورت ئەمان وت: فیل و ئەسپ و وشتر
ئەمە، نا
میگەکەی سەدام
ئەویش، نا
تانک و تۆپ و دەبابە
هیچیان نا
و
هیچیان نا
لەم کاتەدا، مامۆستا دەستی برد و قەڵەمێکی کورتە باڵای لاسەر خورای بەر دەم قوتابیەکی سەر تاشراوی دەم و چاو کولێرەیی هەڵگرت و وتی: ئەمە، ئەمە لە هەموو شتێک بە هێزترە!

قەڵەمی هاوڕێم، بە فیزێکەوە لایەکی لێکردمەوە و قەفی سمێڵەکەی باداو و تیژتر نووسی.
هەر ئەو بوو هەوەڵ جار کتێبی کوردی پێ ناساندین و بە خۆیندنەوەی چەن شێعرێک لە کتێبی (جریوە) عەلی عەبدوڵا سۆفی ناسراو بە (ع. ع شەونم)ڕۆحمانی باوەشێن و ئاوپرژێنی دڵمانی کرد کتێبێک کە ڕەنگ و دەنگ و بۆن و بەرامی لەکتێبەکانی قوتابخانە جیاوازتر بوو. ئاواز و سەمفونیایەکی کوردی خۆماڵی، تامی قسەکانی گەڕەک و کەسەکانی شاری ئەدا، ڕەنگی لە قسەخۆشەکانی دایە زارا و سۆفی حەمەمینی سەڵابێژ ئەچوو. وێنەی لایەلایەکانی دایکم لە کاتی یاوی شەوانەدا بوو کە فێنکایی ئەبەخشیە دەروونمان.
زمانێک کە باخێ پڕ لە هەست و جوانی لە ناو لەشمان درووست ئەکرد، باخێک پڕ لە گوڵ !
ئێمە لە هەمان کاتا ئەبووین بە پەپوولە و سەیری باخ و بێستانمان ئەکردو ئەمانی بردە قۆپیەکەی حاجی جەلیل و لە گوڵەکانی ئەوێ ئەنیشتین و پەرداخی ڕۆحمان ئەکرد.
ئەی زمانی لە دڵە و بۆ دڵ، زەمان تۆ قەت مەوی ناکات، ڕەنگت ناپڕووکێنێت، تۆ کە هاتیت وەرەشڵەی عەشق و خۆشەویستیت چۆڕانده ناو دڵمانە و ناو ناخمانەوە.
هەرکات دەستی ئەکرد بە خۆێندنەوە، سەر ڕوومەتی وەک گوڵباخی ئەخەمڵاو گەش ئەبوو
بە خۆێندنەوەی ئەو کورتە شێعرانە زاخاوی مێشکی ئەداین و فریشکی کەوتووی زمان و وێژەی کوردیمانی ئەهێنایەوە جێ.
هەر ئەو بوو لەو دۆخە تەماوی و لێڵ و ڕەشپۆشەدا. بە وتە و کردەوەی جوانی تین و گەرمای سپاردە لەشمانەوە و بە ئاگردانی ئەندێشەی، بیر و باوەڕمانی ڕووناک کردەوە
ئەو بوو هەتاوی فێرکاری و پەروەردەیی، بەخشیە جەستمان، تەنانەت لەکاتی وانە وتن دا، زوقمی شیشەی پەنجرەی پۆلەکەمان ئەیکردوە و ڕوومەتی تەماوی شار و سینگی ڕووشاوی شاخمانی لێ دەر ئەکەوت.
نازانم و نازانم و نازانم! بۆچی ئەو کەسانەی خۆشمان ئەوێن و کوولەکەی ڕۆحمان بوون، زۆر زوو و گەزیزانە لامان بەجێ دێڵن.
سەد ئاخ لە هاوینێکی نەگریسی ساڵی ۷٤ دا ئەم گوڵەنێرگسە، ئەم ڕووبارە هێمنە، بە ڕووداوێکی ماشێن، بەهاری حەز و ئاواتی تەمەنی بە هەوری چڵکنی مەرگ داپۆشراو داخی نایە دڵ و فرمێسکی خستە چاوان.
بەڵام دڵنیام ڕۆژێک، ڕۆژگارێک قەقنەس ئاسا لە سەر لوتکەی قافی هیوا، کاک فازڵ و فازڵەکانی تریش ئەدەن لە شەققەی باڵ و دێنەوە بۆ لامان لە باخەڵی چۆخەکەیان مێلۆدی شێعر و جریوەی کتێب و چەپکێ گوڵی حەز و ئاواتمان بە دیاری بۆ ئەهێنن. لاپەڕەکانی زۆرتر لە دایک ئەبن و پەپوولە بارانمان ئەکەن.
دوای چرکەساتێ بێ دەنگی…. قەڵەم ئەژنۆی شل بوو و لە باوەشی دەستمدا بوورایەوە.

هەر چەن ئەکەم ئەو خەیاڵە پێی مەستم”*
بۆم ناخرێتە ناو چوار چێوەی هەڵبەستم

لێکدانەوەی دەروونە قسەی زمانم
بۆ چی وا لەیەک دوورن، نازانم

بریا دەروون بکرایەوە وەک تۆمار
دەرکەوتایە دونیای جوان تر لە بەهار

دەرکەوتای هیوا، ئاوات،خەوبینین
جوان تر لە ئەستێرەی قوببەی شین

ئەفسووس کە ئەم شێعرە جوانانە
باڵدارێکن جێ ناهێڵن هێلانە ‎سێ لاپەڕەی پەپوولەیی

لە ناوەوە ئەجریوێنن، ئەخوێنن
“قەڵەم بە سەر کاغەزا ناهێنن

دیوانی گۆران، عەبدوڵا بەگی گۆران*

(ئیتر سپاس)

همچنین ببینید

روز جهانی تئاتر

بە بهانه نوزدهمین دوره جشنواره تئاتر کوردی سقز

✍اسماعیل صادقی 🔹چندی پیش در شهر مهاباد جلسه‌ای تحت عنوان هم اندیشی هنرمندان کورد و …

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *