بۆ؛ ف . ی . . .
بۆ؛ ف . ی . . .

بۆ؛ ف . ی . . .

بۆ؛ ف . ی . . .

✍️ . . . فەرەیدوون محەممەدزادە

عارف وتی: کتێبی شەق و شڕ نیشانەی دەرس خوێندنی زۆرە
فەرزاد وتی: لە یەک کەسدا ئەم وتارە ڕاست نیە
عارف وتی: لە کێ؟
فەرزاد وتی: ف.ی کتێبەکانی ئەوەندە خوێندووە کە هەمووی لە بەرە بەم وەزعەشەوە نە تەنیا شەق و شڕ نەبووە ئەڵێی هەر بازیش نەکراوە.
عارف وتی: هیچ واش نیە.
فەرزاد وتی: مەرج لە سەر پووڵی دوو دەس فووتباڵ دەستی لە ژێر پردی هەوایی
عارف وتی: قبووڵ .‌ . .
دەستیان دایەوە و مەرج تۆمار کرا و منیش شاهێد . . .
من وتم: کەوایە بڕۆین چاوی لێ بکەین

▪️پێکەوە چووین بۆ ریزی ئاخری پۆلەکەمان، چواری ڕیازی دەبیرستانی نموونەی فەجر، ساڵی هەزار وسێسەد و هەفتاد و پێنج(۱۳۷۵)
ف.ی هەمیشە لە ریزی ئاخر دادەنیشت؛ هەموو ساڵێ هەموو پۆلێ. نە بە بۆنەی باڵابەرزییەوە؛ هەرچەن باڵاشی بەرز بوو. بۆ ئەوەی زۆر لە بەر چاو نەبێت و زیاتر لە سووچێکەوە دادەنیشت. کتێبەکانیمان چاو لێ کرد هەموویان نوێ بوون بە جورێک کە دەقیان نەشێوابوو. وا ئەینوان قەت نەکراوەتەوە. وەکوو ئەوە بوو تازە لە ژێر دەزگای چاپ هاتبێتنە دەرەوە. بۆ و بەرامی پیت‌چینیەکانی لێدەهاتن.

▪️کەس بیری دەکردەوە بیست و هەشت ساڵی‌تر لە وەها ڕۆژێک و لە وەها وەرزێکدا دەقی کتێبی ژیانی بۆ هەمیشە بشێوێ . . ! کەس بیری دەکردەوە ئێسماعیلێکی‌تر قوربانی بکرێ . . !
ف.ی بلیمەت‌ترین قوتابی قوتابخانە نەبوو بەڵام بە جیاوازییەکی زۆرەوە دەرس خوێنترین بوو؛ نە تەنیا لە پۆلی خۆیدا بەڵکوو لە قوتابخانە بە گشتی؛ نە یەک ساڵ بەڵکوو هەموو ئەو ساڵانەی وا وانەی دەخوێند.
بۆ هەر بابەتێکی وانەی خەڵاتیان بدایە و ڕێزیان بگرتایە بێ‌شک ف.ی یەک لەو کەسانە بوو، وائەزانم پڕ بە وتاغێک لەوحی ڕێزلێنانی هەبوو.
هەمیشە نمرەی گشتی بیست بوو. بە دەگمەن نمرەی نوزدەی بوو هەر بەو بۆنەوە هەمیشە شاگردی هەوەڵی پۆلی خۆی هیچ، هی هەموو قوتابخانە بوو. بە دەگمەن دەبوو بە دوو. ئەوەندە زیرەک بوو لە موهەندسی پزشکی کە یەکێ لە سەختترین ڕشتەگەڵی ڕیازی بوو ڕاحەت دەرچوو؛ ئەویش زانستگای تاران . . .

▪️ف.ی بە جیاوازییەکی زۆرەوە بەڕەوشت‌ترین قوتابی قوتابخانە بوو. هیچ کات زمانی بە خراپە نەدەڕەخسا. هیچ کات کاری خراپی نەدەکرد. هیچ ڕێگەیەکی خراپ نەدەڕۆیشت. هەر بەو بۆنەوە هەموو خۆشیان دەویست؛ نە تەنیا هاو قوتابیەکانی لە پۆلی خۆیدا بەڵکوو تەواوی قوتابیان.
ف.ی زۆر جوان بوو. ئەوەندە زەڕە شیرین بوو مەپرسە. پیاو حەزی دەکرد بیگرێ و تێر و پڕ ماچی کا تا ڕادەیەک کە ڕوومەتە سپیکلانەکەی سوور هەڵگەڕێ.

▪️ف.ی زۆر ئارام بوو؛ ئارامترین قۆتابی قوتابخانە. بێدەنگ و بێڕەنگ. هەموو کەس ئێحترامیان ئەگرت چ قوتابی چ مامۆستا.
ف.ی بە ڕواڵەت زۆر لاو بوو. کاتێ دوای بیست ساڵ دیمەوە هەر وەکوو کاتی قوتابخانە مابوو؛ بگرە زۆر منداڵ‌تر. بۆیە کاتێ کە دیتم لە هەواڵەکان نووسرابوو: ف.ی لاوێکی سی ساڵە، هیچ لام سەیر نەبوو. هەرچەن چل و پێنج ساڵی بوو بەڵام بە ڕواڵەت سی هیچ، بیست ساڵە ئەینوان. ڕەنگە ئێکسیری لاوی لە ژنیدا بووبێ یان چەوت و چەڵەمەی ڕۆژگار لای بێ بایەخ بووبێ. بەڵام تێغی ژەهراوی کینە، هێزی لە ئێکسیری لاوی و لە بای بێ‌خەیاڵی زۆر پتەوترە.

▪️ف.ی بۆ مامۆستایانی نموونەی ئەدەب و نموونەی فەجری ساڵەکانی حەفتا وێنەی قوتابیەکی ڕاستەقینە بوو. ئەگەر کەسێک بیەوێ قوتابیەک لە مێژووی ئەو دوو قوتابخانە دەستچین بکا وەکوو گوڵ چەپکێک، ئاڵ چەپکێک، بێ‌شک کەسێک گوڵ‌بژێر نابێ غەیری ف.ی.
وەبیرم دێ جارێک کە لە نوێژخانەی قوتابخانە نوێژی نیوەڕۆی دابەست قوتابیانی نموونەی ئەدەب ئەوەیان بە دەرفەت زانی و هەموو  بە پەلە چوونە پشت سەری و نوێژیان دابەست. بۆچی دەرفەت؟ چون هەرچەن قوتابیان خوایشیان لێ دەکرد بەرنوێژی بکا قەت خۆی لەو جێگەدا نەدەزانی، ئەوەندە بێ‌دەمار بوو. بەڵام ئەوجار کار لە دەستی دەرچبوو و بوو بە بەرنوێژ. نوێژی نیوەڕۆ بوو. ف.ی بە جێگای چوار ڕکات پێنج ڕکاتی خوێند. هەموو پێنج ڕکاتیان خوێند. سێ تەحیات. نوێژ تەواو بوو چوومە لای وتم: چی بوو هەڵەت کرد لە ژمارەی ڕکاتەکاندا؟ وتی لای کەس مەڵێ تاقیانم کردەوە بزانم تا چ ڕادەیەک بە من باوەڕیان هەیە. وادەزانم ئەگەر تا شەو درێژەی بە نوێژەکە بدایە هەموو ئەو قوتابیانە لەگەڵی درێژەیان ئەدا ئەوەندە بڕوایان بە ف.ی بوو.
ف.ی ڕۆیشت. زوو ڕۆیشت. داخێکی گران بوو بۆ هەموو ئەو کەسانەی وا ئەیانناسی بە تایبەت بۆ قوتابیان و مامۆستایانی قوتابخانەی نموونەی ئەدەب و نموونەی فەجری ساڵانی حەفتا. یادی هەرمان.

همچنین ببینید

سیل ترافیک خودرو در سطح شهر سقز، تمامی ندارد . . !

سیل ترافیک خودرو در سطح شهر سقز، تمامی ندارد . . !

سیل ترافیک خودرو در سطح شهر سقز، تمامی ندارد . . ! با نظر به …

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *