” ک.چ. من ـ سیسیفوس ـ نیم ! “
✍ فەردین ڕەشیدی
«ف.ڕ.ئومێــــــــــــــــــــــد»
پاش ئەوەی کە قالۆنچە ڕەشە زەبلاحەکە پشکەڵە خڕەکەی بۆ دواهەمین جار گەیاندە سەر دوندی کێوە بەرزەکە ئیدی هیچ خڕۆڵکەیێ خلێر نەبووەوە و کەس گوێی بۆ دەنگی خلێروە بوونی پشکەڵەخڕەکان هەڵنەخست و هیچ مێروویێ چاوەڕوانی پاڵەوانە دۆڕاوەکەی نەکرد. چیرۆکی پاڵەوانەکە بە تەواوی لە یادی حاکمان و خەڵکانی مەزرای ئاژەڵاندا سڕا بووەوە و کەس بۆ تاقەجارێ یادێکی لێ نەکرد.
ئێوارەی ڕۆژێکی تەماوی بایەکی ڕەش ئێجگار ڕەش بە تەواویی پاڵەوانەکەی بێ سەر و شوێن کرد و هیچ شوێنەوارێکی لێبەجێ نەهێشت.
خوا پیاوێ لە قامەتی گاکێوێکدا لە دوندی کێوە بەرزەکانەوە لە شارەکەی دەڕوانی. دەنگی نەڕەی گاکێویەک لە نیوەشەوێکی ئەنگوست چاودا بەردە خڕەکانی هەتا پاش پێڵووی حاکمە نووستوەکان خلێر کردبووەوە. ” ک.چ. من ـ سیسیفوس ـ نیم ! “
پیاوانێ کە بە جەستە مرۆ و بە سەر کەڵەکێوی بوون لە نێو شاردا دابوویان لە قاو کە ئەندازیاری بە ناوبانگی شاری کەڵەکێویەکان پێشنیاری داوە کە دەور تا دەوری شارە کەوناراکە دیوارێکی جادووی بکێشێ کە هیچ تۆپ و گوللەیەک و دەستاوێژی هیچ دوژمنێ کاریگەری لە سەر نەبێ.
ئەندازیارەکە چەندین دانیشتنی لە گەڵ فەرماندار و شارەدار و پیاوماقووڵانی شارەکەدا ڕێخست و پێشنیاری دابوو بۆ ئەم کارە تەنیا دەبێ لە بەردگەلێکی خڕ و قایم کەڵک وەربگیردرێ کە خۆی پەسەندیان دەکات.
ئەندازیارەکە بەڵێنی دابوو کە ئەم کارە بێ هیچ تێچوویەک بۆ شارەوانی و فەرمانداری ئەنجام بدات. تەنانەت نان و ئاوی فەعلا و کرێکاریش هەر بۆ خۆی دابینی بکات. ” ک.چ. من ـ سیسیفوس ـ نیم ! “
بەرپرسانی شار مەست و سەرخۆش کڕنۆش و سووژدەیان بۆ خوای کەڵەکێویەکان دەبرد. شارەدار و دەستەوپاوانی لە گەڵ پیاو ماقووڵانی شار کۆبوونەوە و کارنەواڵێکان سازکرد.
هەموو چینەکانی کۆمەڵگای تێدا دەبیندرا. تەنانەت پیاوانی کوێلەی بە جەستە کەڵەکێوی و بە سەر مرۆ کە بێ دەسبەند و پابەند لە جەژنەکەدا حازر ببوون.
دوای جەژن و سەما و شەراو خواردنەوەیەکی زۆر هەواڵەکەیان ڕاەگەیاند و ستایەشی گەورەیی و لێزانی ئەندازیارە دەست زێڕینەکەیان کرد.
فەرماندار لە حاڵێکدا کە هەڵیت و پڵیت قسەی دەکرد گوتی، من بە نێو خۆمەوە و هەموو بەرپرسان و گەورە پیاوانی شار، سپاس و پێزانینی خۆم ڕادەگەیێنم. گەورە ئەندازیارێ کە هەتا ئێستە چەندین بەندیخانە و زیندانی بە ناوبانگی سازکردووە کە کەس نەیتوانیوە لێی دەرباز بێ و گوللەی هیچ تۆپێکیش نەیتوانیوە دیوارە پۆڵایینەکانی بڕووخێنێ و … ” ک.چ. من ـ سیسیفوس ـ نیم ! “
فەرماندار و پیاوماقووڵان بە لەتر لێدان کەرنەواڵەکە بەجێ دێڵن. ” ک.چ. من ـ سیسیفوس ـ نیم ! “
ئەوە چەندین مانگە کە ئەندازیارەکە خەریکە بەردی خڕ و داتراشراو دێنێتە نێو شار و لە سەریەک کەڵەکەیان دەکات.
ئەندازیارەکە چەندین وەستای شارەزای دەست و نەخش زێڕینی لە وڵاتی دۆست و بەرادەری کەڵەکێویاکانە هێناوە . وەستاکان لە گەڵ کەس نادوێن و تەنیا بە ئیشارە فەرمان دەدەن وەکوو کەسانی لاڵ و زمان نەزان دەچن. سەعات لە گەڵ سەعات و ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ شوورەی شار باڵا دەکات. شار خەریکە ڕەنگی زیندانێکی خڕی گەورە لە خۆی دەگرێ. ” ک.چ. من ـ سیسیفوس ـ نیم ! “
فەرماندار و بەر پرسانی شار هەر چەند ڕۆژ و جارێک دەچنە سەردانی دیوارەکە و دوای دەسخۆشی لە ئەندازیار و کەڵەکێویەکان بە چەند کۆیلەی کەڵەکێوی سەر فەرمان دەدەن کە تەپ و تۆزی کارە مێژوویەکەیان لێ بسڕنەوە و سەربەرزانە دەگەڕێنەوە بۆ بنکەکانیان و دەسخۆشیەکی زۆر لە یەکدی دەکەن.
هەواڵی سازکرانی شوورە بڵیندەکەی شارە کەوناراکە لە وڵاتانی دۆست و دوژمندا بڵاو بووەتەوە و هەموان بە سەرسووڕمانەوە لەم هەواڵە دەڕوانن. وڵاتانی دۆست نوێنەرانی خۆیان بە پێشکەشی گرانبەهاوە و بۆ پیرۆزبایی دەنێرنە خزمەت پاشای شارەکەوناراکە.

چەن هەزار کیلۆمیترێ ئەولاتر لە مەزارای ئاژەڵانی بەڕێز جۆنز ، میجێر لە دوای ئەوەی کە لە گەڵ چەند دۆست و برادەرێ کۆبوونەوەی سازکردبوو بەڵێنی دەدات کە ئێدی شۆڕشەکەی ئاشکرا بکات و شمشێری لە ڕوو و بەرامبەر بە دوژمنی خاک و گەلەکەی ببەستێ. هەر چەند ڕۆژ و جارێ لە گەوڕی حەوشە گەورەکەی پشت مەزراکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ساز دەکات و بوێرانە بە دەنگێکی پڕ لە سۆز و حیماسەت لە ماڤی بەرامبەری ئاژەڵان و زوڵم و زۆری بەڕێز جۆنز بەرامبەر بە ئاژەڵان دەدوێ. میجێر و ڕفێقانی هاو حیزبی دروشم و یاسا بۆ شۆڕشەکە دیاری دەکەن، هاوسانی و بەرامبەری هەموو ئاژەڵان وەک سەربازگەلێکی سەر بەفەرمان لە سپاکەیدا ڕێک دەخات. هەر سەربازێک و پلە و مەقامی دیاری کراوە و بۆی نییە نافەرمانی میجێر و ناپیلئۆن بکات و یاسای شۆڕش بشکێنێ مەگەر تەنیا بە فەرمانی ناپیلئۆن. هەموان بۆ سەربەخۆیی و ئازادی ئامادەی گیان بەخت کردنن و بە دڵ و گیان فەرمانەکانی بەڕێز ناپیلئۆن و میجێڕ جێ بە جێ دەکەن. قشقەڕەیێکی پیری پەڕ هەموو وەریو لە سەر دارێکی بەرز دەقیڕێنێ ئێوارەیە و شەو نزیکە قاڕقار، ئێوارەیە خەو نزیکە قاڕقاڕ…
ئەندازیار و کەڵەکێویەکان لە نێو ” ک.چ. من ـ سیسیفوس ـ نیم ! “
کۆمەڵگای کرێکار و هەژاردا خۆشەویستیەکی سەیریان وەدەست هێناوە. بە فەرمانی خواپاشای شار مەلای مزگەوتە گەورە پاش نوێژی هەموو هەینیێ دۆعای سەرکەوتن و سڵامەتی بۆ ئەندازیار و کەڵەکێویەکانی هاوڕێی دەکات.
ئەندازیارە مێهرەبانەکە ڕۆژ لە گەڵ ڕۆژ زیاتر شوێنی خۆی لە دڵی خەڵکیدا دەکاتەوە بە جۆرێ هەموان سەر و ماڵ و نامووسی پێدەسپێرن.
ئێواران گاکێویەک دەچێتە سەر دیوارێکی بڵیند و لە یاسا و یەکسانی کرێکار و فەقیر و هەژار بەرامبەر دەوڵەمەند و ساحێب مەنەسەبان دەڵێ. ئەم قسە و ڕەفتارانەی ئەندازیار بە گوێی فەرماندار و سەرۆکی پۆلیس دەگاتەوە و ئەوانیش بە نەهێنی بڕیار دەدەن کە کاری شارەکە بە ئەنجام گەیشت دیسان بە شێوەیەک بێ سەروشوێنی دەکەن بەڵام، دەبێ جارێ کەمێ خۆڕاگر بن و پەلەی لێ نەکەن. ” ک.چ. من ـ سیسیفوس ـ نیم ! “
دوای ئەوەی کە شۆڕشەکەی میجێڕ و یارانی سەردەکەوێ و دەسەڵاتی بەڕێز جۆنز کۆتایی پێدێ، ناپیلئۆن وەک دەسەڵات داری گشتی مەزراکە لە کۆبوونەوەی حیزبدا هەڵدەبژێردرێ. سەرۆک و جێگر و هەموو پۆستە باڵاکان بۆ هاوڕێیانی حیزبی بەڕێز ناپیلئۆنە و ئاشەوانی، کرێکاری، ئاوکێشان، وەرزێری و . . . بۆ ئاژەڵانی دیکە. بەڕێز ناپیلئۆن بۆ پاراستنی دەسەڵات و حیزب و ئارامشی شارەکە و دۆست و برادەر چەندین سەگی دڕ و دڕندەی ڕاگرتووە. چەندین کەس لە یارانی شۆڕش بە تاوانی خیانەت بە شۆڕش و یاسا بە دەستی ئەم سەگانە و بە فەرمانی بەڕێز ناپیلئۆن هەپروون هەپروون دەکرێن.
قشقەڕەیێ لە سەر دارێکی بەرز دەقیڕێنێ قاڕقاڕ ئێوارەیە و شەو نزیکە قاڕقاڕ، ئێوارەیە و مەرگ نزیکە قاڕقاڕ …
دوو ساڵە ئەندازیارەکە وەکوو پاشا، دەسەڵاتداری گشتی شارەکەیە و بێ ئیزن و فەرمانی ئەو ئاو لە ئاو جووڵە ناکات.
شارەکەوناراکە تەنیا یەک دەروازە و یەک کلیلی هەیە و ئەویش لە ملی گاکێوی گەورەدایە.
ئەوە شار چەند ساڵە ساحێبی کتێبی یاسا و پەرلەمانە. یاسا ئەو یاسایەیە کە پاشاگاکێویەکە لە نێو کتێبی پیرۆزدا لە خزمەت خواگاکێویەوە هێناویەتی. جۆری هەموو ئیش و فەرمانێ، پرسە و ماتەمینێ و خوێندن و نووسینێ لەوێدا دیاری کراوە. بە پێی ئەم کتێبە پیرۆزە هەرکەس یاسا بشکێنێ کەڵەکێویەکان دەیبەنە پای کێوەکان و هەتا کۆتایی ژیان تەمێی دەکەن بە تلاندن و خلێر کردنەوی بەردە خڕەکان بۆ سەر دوندی کێوە بەرزەکان و پێی کێوەکان. جاڕچی شەوان و ڕۆژان پاش دۆعا و نزا بۆ سڵامەتی و تەمەن درێژی پاشا گاکێویەکە جاڕدەکێشێ، شکاندنی فەرمانی پاشای گەورە بێ ئەمری کردنی خواگاکێویە و سزاکەی مەرگ، سێدارە و هێور کردنەوەی شەهوەتی کەڵەکێویە نێرە پیرۆزەکانە. ” ک.چ. من ـ سیسیفوس ـ نیم ! “
هەزارەیەک دەبێ شەوانی زستان قالۆنچە پیر و لاکەوتەکان بە دزیەوە و لە خەودا چیرۆکی خواپیاوەکە و پشکەڵە خڕە زەبەلاحەکان بۆ خۆیان دەگێڕنەوە.
- مؤسس آموزشگاه رانندگی پایه یکم محکوم شد - مهر ۶, ۱۴۰۲
- سامانهی سیستم الکترونیک خدمات درمانی تأمین اجتماعی و خدمات درمانی سقز قطع میباشد. - مهر ۵, ۱۴۰۲
- در هر کشور حق تحصیل، حق همه است - مهر ۳, ۱۴۰۲