فەردین ڕەشیدی
«ف.ڕ.ئومێـــــــــــــــــــــــــــد»
▫️چوار ساڵ بوو کە بەیانیان زوو دەچوومە دووکان و ئێواران تاریکان دەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە .هەموو بنەماڵە و قەوم و فامیل بە گێژ و شێت و گەمژەیان دەزانیم . زۆر کات باوکم و خۆشک و براکانم هاتبوونە سەردانم و هەر لە دوورەوە دەیاندا لە قاقای پێکەنین و بێ ئەوەی نزیکی دووکانەکەشم بکەونەوە دەڕۆیشتن . حەقایەتی من و گەمژەیی و شێتیم لە نێو خۆشکان و براکانمدا وەک بنێشتە خۆشەی لێهاتبوو . شەوانە کە دەگەڕامەوە بۆ ماڵەوە دەبوومە هۆی گاڵتە و پێکەنینی بنەماڵەم تەنانەت باوکم . تەنیا دایکم بوو کە بێ دەنگ دەگریا و لە خەڵوەتی خۆیدا نزای دەکرد و داوای شیفا و چاک بوونەوەی لە خودا بۆ دەخواستم .
▫️من بێ ئەوەی ورەی خۆم تێکدەم هەمیشە سەرەحاڵ و دەم بە پێکەنین بووم و هەر ئەو ڕەوشت و ڕەفتارەیشم ببوو بە هۆی ئەوەی کە بنەماڵە و کەس و کارم زۆرتر گاڵتەم پێ بکەن و بە شیرین ئەقڵم دابنێن . زۆر جاران کە لە گەڵ دایکم تەنیا دەبووین دەیپرسی ڕۆڵە کوڕم ئەو دووکانەی تۆ چۆڵ و هۆڵە و هیچ جۆرە شت و مەکێکی بۆ فرۆش تێدا نییە تۆ چ دەکەی لەوێ و چۆن کرێ دووکان دەدەی ؟ دواتر دەستی دەکرد بە پاڕانەوە و نزا کردن چەن جاران پەرداخە ئاوی دابووە دەستم کە بیخۆمەوە بەڵکوو شیفا وەربگرم . چەند جاران ورتکە قاقەزم لە نێو ئاوی پەرداخەکەدا دیتبوو . بێ ئەوەی دایکم هەستی پێکردبێ ئاوی پەرداخەکەم لە پەنجەرەی ژوورەکەمەوە دەکردە نێو باخچەی حەوشەکە .سەوزەی ژێر پەنجەرەی ژوورەکەی من وەک سەری باوکم ڕووتابووەوە .کاتێ پەرداخەکەم دەبردەوە بۆ چێشتخانەکە دەستی دایکمم ماچ دەکرد و بڕە پارەیەکی شین و سەوزم دەخنی بە گیرفانی کەواکەی دایکمدا و دایکم واق و وڕ دەما.
لە بیرم دێ چەندین جار باوکم و براکانم لە ناکاو خۆیان دەکرد بە دووکانەکەمدا کاتێ دەیاندیت کە دووکان چۆڵ و هۆڵە چەند کەس لە دەرەوی دووکان و کەس یا کەسانێکیش لە نێو دووکانەکەدا بوون سەریان دەماسی و دەگەڕانەوە.
▫️جارێکیان خۆشکە گەورەکەم لێی پرسیم باشە تۆ کە هیچ شت و مەکێک نافرۆشی چۆنە کاتێ مشتەری دێتە لات بە چەپکە پووڵت پێ دەدەن ڕاستم پێ بڵێ خەریکی چیت ؟! چەند جاران ڕاست و درووست وڵامم دابوویەوە بەڵام بە قاقا و پێکەنینەوە بەجێی هێشتبووم.
هەمیشە لە هەموو براکانم پۆشتە و پەرداختر بووم .هەر ڕۆژێک و دەستێ کەوا و پانتۆڵم لە بەر دەکرد و هەمیشە بۆنی گرانبەهام لە خۆم دەدا .
هەر چوار ساڵ و جارێ شوێنی دووکانەم دەگۆڕا . دەرگا و پەنجەرەی دووکانەکەم بە پەردەی سەوزی ئەستوور دادەپۆشا و دووکانەکەم بە قاڵی و ڕاخەری دەسچن و گران قیمەت دەڕازاندەوە .“ک.چ.گێلەپیــــــــاو “
ئەوە ماوەیەکە کاتێ خۆشک و براکانم دەمبینن ڕوو وەردەگێڕن و دەڵەی چاوی دیتنی منیان نییە و کانی قاقای سەر لێویشیان وشک بووە . هەر دوو ساڵ و ماشینەکەم دەگۆڕم و گیرفانی کەواکەی دایکیشم پڕ لە دۆلاری شین و سەوزە دەکەم .
▫️جارێکی گوێم لێ بوو هەموو برا و خۆشکەکانم لە دەور باوکم کۆ ببوونەوە. برا گەورەکەم کە ڕیش و سەری هەموو سپی کردبوو بە باوکمی دەگوت بێتو نەبێ ئەم هەتیووەی کوڕت خەریکی بازرگانی تریاک و تڕ و تەڕەماشە و ئاخری ملی بە پەتەوە دەکرێ و ئابڕوو و حەیای ئێمەش دەبات باوکیشم هێند تووڕە بوو کە تەسبێحی هەڵەسووڕاند و سمێڵی بادەدا.
دایکیشم بە دەنگی بەرز دەگریا و لە خودای گەورە داوای شیفا و چاک بوونەوەی بۆ دەکردم.
ئەوەی کە هەموانی دوچاری گومان کردبوو کە خەریکی ئیش و کاری شەیتانیم ئەوە بوو کە بەیانیان پێش ئەوەی کە بچمە دووکان خەو و کابووسی شەوی پێشتری باوکم و خۆشک و براکانم بێ ئەوەی کە هیچی پێ کەم و زیاد بکەم بۆ دەگێڕانەوە و پێم دەگوتن کە بیر لە چی دەکەنەوە . باوکم زۆرجاران بە زۆر پووڵێکی دەخنی بە گیرفانمدا و لە بیرمە برا گەورەکەیشم چەندین جار نێو چاوانمی ماچ کردبوو و ملی خوار کردبوو دەستی هێنابوو بە ڕیشیدا.“ک.چ.گێلەپیــــــــاو “
▫️ئەم بەیانیە کە براژنە چکۆلەکەمم دیت بەرەوڕووی چووم هاتم سڵاو و چاک و چۆنی لە گەڵ بکەم لە پڕ خۆی کردەوە بە ژوورەکەیدا وەکوو ئەوەی کە منی نەدیتبێ.
ڕۆژێکی چووم بۆ لای باوکم و پێم گوت کە دەمەوێ بۆ نوێنەری شار خۆم بەربژێر بکەم . باوکم چاوی لە ئاسمان کرد و گوتی هەرچۆنت پێ باشە وابکە . دوو حەوتە درگای دووکانەکەم داخست و دەڕابەکەیم دادایەوە . لە بەیانی زووەوە دەچوومە بازاڕ و لە گەڵ دووکانداران لە خەڵوەتدا قسەم دەکرد و دوای باس کردنی هێندە قسە و باس هەموان بەڵێنیان دەدا ئەگەر لای کەس باسیان نەکەم و ڕازیان نەدرکێنم حەتمەن دەنگ بە من دەدەن .
تەنانەت جارێکیان چووم بۆ فەرمانداری و داوام لە سکرتێری فەرماندار کرد کە ئیزنم بدات بۆ گۆڕینەوەی چەند ڕا و تەفکیرێ بچمە لای فەرماندار کە سکرتێرە خانمەکە زۆر بە ناحەزی جوابی کردم . چوومە نزیک لێی و بە گوێدا چەند قسەیەکم چرپاند .چاوی مۆلەق وەستا و بە پرتە پرت گوتی ئەگەر کەمێ ڕاوێستی حەتمەن بە چاوان.
نازانم خانمی سکرتێر چی بە فەرماندار گوتبوو کە خۆی هەتا دەرکەکە بە پێشوازمەوە هات و دوای تەواو بوونی قسەکانمان بەڵێنی پێدام کە پشتیوانیم دەکات و هەر کارێکیش لە دەستی بێ درێخی ناکات .
دیسان دەڕابەی دووکانەکەم هەڵدایەوە و وەک بنکەیێ بۆ ڕێکلامی هەڵبژاردن کەڵکم لێ وەرگرت. هەر کەست بویستایە دەوتوانی لەوێ بیدۆزیتەوە ، لە فەرماندار و شارەدار هەتا سەرۆکی پۆلیس و حاجی و مەلا و بازرگان و دووکاندار و ژنەماقووڵ و ژنە دەوڵەمەند و . . .
باوکم و براکانم لە پێش دەرکەی دووکانەکە دەست لە سەر سینگ ڕاوێستابوون و بەخێر هاتنی خەڵکی شارەکەیان دەکرد کە وەکوو لایەنگر لە دەور دووکانە چۆڵ و هۆڵەکەی من کۆ ببوونەوە .
هەموو جارێ دایکم بۆی دەگێڕامەوە کاتێ منداڵ بووم لە یاری شەڕەگەڕەکدا بەردێکیان دابوو بە پشتەسەرمدا و پێنج شەوان و ڕۆژان بێ سەر و زمان لە سەر جێگادا کەوتبووم .
“ک.چ.گێلەپیــــــــاو “
- گلایە بانوان از وضعیت مدیریتی ورزش و جوانان - آذر ۱۳, ۱۴۰۳
- ژاپن برای احیای دریاچه ارومیه ۴.۶ میلیون دلار به ایران اهدا کرد - آذر ۱۳, ۱۴۰۳
- بۆ؛ ف . ی . . . - آبان ۲۹, ۱۴۰۳