ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە …
✍️ . . . ڕەزا نووریپوور
▫️سەرەڕای هەموو ئەو کەند و کۆسپانەی لە بەردەم جەماوەری ئێرانیدا بەگشتی و خەڵکی کورددا بە تایبەتی هەیە، پێشوازی نەورۆز و جەژنی سەری ساڵ لە زۆر شوێنی کوردەواریدا بە شێوەیێکی زۆر بەرچاو بەڕێوەچوو.
ڕەنگدانەوە و دەنگدانەوەی داب و نەریتی لە مێژینەی نەورۆز لە کوردەواریدا، لە بەرەی ئەمڕۆدا و بەشدار بوونی ئاپۆڕەی خەڵکی لە بەرێوەچوونی رێوڕەسمەکەدا و بە تایبەت بەرەی نوێی گەنجان و لاوان زۆر جێگای دڵخۆشیە.
بەڵام دوو دیاردە لەم شێوە جەژنەدا زۆر جێگای شانازی و سەربەرزین؛
▫️یەکەمیان ئەوەی کە لەم ساڵانەی دواییدا و بە تایبەت زۆر بەرچاو لە جەژنی ئەمساڵدا ئەبینرێت بەشدار بوونی کۆمەڵەکانی خەڵکە بە شێوەی دەستەوعام و هەرەوەز. بە کوڕ و کچ و لاو و گەنج و پیرەوە دێنە پیری ساڵی تازەوە.
ئەم دیاردەیە نەک تەنیا جێی دڵخۆشی و شانازییە بەڵکوو دیاردەیێکی هەرە پیرۆزە کە بێگومان پێوەندەکانی کومەڵایەتی خەڵک پتەوتر ئەکاتەوە.
▫️دووهەم پێشاهەنگ بوونی ژنان و کچانە بە تایبەت لە هەڵگرساندنی مەشخەڵی ئاوری نەورۆز.
لە هەر عەکس و وێنە و وێنایێکدا کە دەیبینی کچێک یا خود ژنێک دیارە مەشخەڵێک بە دەستەوە لە نێوان ئاپۆڕەی خەڵکیدا و لە گەڵ چەپڵە و شایی و دەنگی گۆرانیدا ئاگرەکە دائەگرسێنێ و ژنان و کچان ئەبنە پێشاهەنگی هەڵگرسانی ئاگری نەورۆز.
▫️”گزنفۆن سەیاحی” بەناوبانگ، کاتێ بە سەرزەوینە کوردیەکاندا تێئەپەرێ لە بارەی هەڵپەرکێی کوردانەوە ئەدوێ و بە چاوێکی رێز و سەیرەوە لێی ئەڕوانی و ئەوەش زۆر دێتە بەرچاوی و بەرجەستەی ئەکاتەوە کە کوردان لە کۆڕی هەڵپەرکێیاندا سەرچۆپیش ئەدەن بە دەستی ژنانەوە. دیاردەیێک کە لە نێوان وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و میزۆپۆتامیا و بینالنهریندا، یان نیە یان زۆر دەگمەنە.
بۆیە بە ڕاستی دیتنی ئەم دیمەنانە و نرخ پێدانی جەماوەری کورد بە بەشداربوون و بەشدارکردنی ژنان لە ڕێوڕەسمە هەرەوەزیەکاندا زۆر جێی سەرنج و شانازییە.
بۆیە ئێژم ئافەرین بۆ ئەو گەلەی لە درێژەدانی داب و نەریتەکانیدا هەم نوێخوازە و هەم پێداگرە.
نەورۆز و ساڵی نوێ لە هەموو گەلانی دونیا کە نەورۆزیان کردۆتە سەری ساڵ پیرۆز بێت . . .
ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە …
- گلایە بانوان از وضعیت مدیریتی ورزش و جوانان - آذر ۱۳, ۱۴۰۳
- ژاپن برای احیای دریاچه ارومیه ۴.۶ میلیون دلار به ایران اهدا کرد - آذر ۱۳, ۱۴۰۳
- بۆ؛ ف . ی . . . - آبان ۲۹, ۱۴۰۳